سه‌رنجم گه‌ر ده‌بڕمه به‌ژن و باڵات
کچی جوان! بۆچی ڕووگرژی چه قه‌یدی ؟
منم ئه‌و شاعیره جوانی په‌رسته
که چاوی من جگه له جوانی نه‌یدی
.....
به منداڵی که په‌روه‌رده‌ی چیا بووم
که‌وم دی، پۆڕ و سوێسکه و ئاسکم دی
به لاوچاکی له شاری کورده‌واری
کچم دی، نازه‌نین و ناسکم دی
.....
گه‌ڕاوم چۆم و نواڵه و مێرگ و بژوێن
به ماه و زه‌ردی ئه‌سته‌م هه‌ڵگه‌ڕاوم
ته‌ماشای سوێسن و به‌یبوون و شللێر
به دینی جوانی ڕاهێناوه چاوم
.....
له‌به‌ر تاوێ له سه‌رپشت ڕاکشاوم
له ده‌م جۆگه له سه‌ر فه‌رشی وه‌نه‌وشان
له‌سه‌ر گوێسوانه کردم چاوه‌بڕکێن
له‌گه‌ڵ گه‌وره‌کچی به‌رده‌رکی حه‌وشان
.....
به ڕۆژی سارد و ساو دیومه به زستان
تروسکه‌ی به‌فری به‌ر تیشکی هه‌تاوێ
شه‌وی هاوین له نێو ئه‌ستێره‌کاندا
گه‌لاوێژم ده‌دی پڕشنگی داوێ
.....
له ناو گۆم و گه‌رمک و چۆم و قۆپی
به پۆلم دین قورینگ و سی و هه‌ڵه‌تانج
له‌به‌ر بێر و له هاوێر و له پاراو
گه‌لێکم دیوه کیژی شۆخی کرمانج
.....
له مه‌یدان دیومه نێسکه‌ی ئه‌سپی خۆشبه‌ز
له‌گه‌ڵ ده‌ست و جلیتی شۆڕه سواران
گه‌ڕی شاییم له پێش چاوی گه‌ڕاوه
له‌ره‌ی مه‌م، سووکه ڕه‌وتی گوێ به گواران
.....
خوڕینی شوور و بازی مامزم دی
شه‌پۆڵی گۆم و که‌ف هه‌ڵدانی تاڤگه
به مێڕۆژ و سیاسووتی به‌هارێ
گه‌لێک شه‌و ماومه‌وه تا ڕۆژ له ڕاوگه
.....
له‌سه‌ر دوندی چیای سه‌ربه‌رزی هه‌ڵگورد
ڕه‌وی هه‌ورم له ژێر پێم‌دا به‌دی کرد
ته‌ماشای دیمه‌نی سه‌وزی وڵاتم
منی سه‌رسام و شاگه‌شکه و خه‌نی کرد
.....
به‌هه‌شته کورده‌واری من، به‌هه‌شته
فریشته‌م من ، فریشتێکی په‌ڕیوه
به جوانی تۆ ده‌ژیم له‌م دوور وڵاته
وه‌ره لێم مه‌بڕه ئه‌و ته‌نیا بژیوه
.....
به‌ڵێ تۆ کیژی، نازداری، له‌باری
منیش پیرێکی زورهان و دزێوم
به‌ڵام شیرنتره له‌و شه‌کره لێوه
وشه‌ی کوردی که هه‌ڵده‌ڕژێ له لێوم
1351
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی گاگه‌ش




send to a friend
print
views: (988)







