به‌شی دووهه‌م: « قه‌تار » چییه؟ |
نێوبراو دوای ئه‌وه‌یكه قه‌ولێك له نه‌مر مامۆستا«جه‌میل ڕۆژبه‌یانی» دێنێته‌وه كه ده‌ڵێ: «... ڕه‌نگه ناوی هه‌ندێ له گۆرانی یه‌كانی كوردی زۆر كۆن بن، بۆ وێنه (قه‌تار) ڕه‌نگه له ووشه‌ی (گاتا)وه گۆڕابێ، وه له كاتی خۆ‌یا هه‌ر گاتای پێ ووترابێ..»، نه‌زه‌ری پرۆفیسۆر د. «عێزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سووڵ»یشی له‌م باره‌یه‌وه هێناوه‌ته‌وه كه گوتوویه: «زۆر به جێ یه كه (قه‌تار) له گاتای زه‌رده‌شته‌وه یا ئافێستاوه هاتبێ، به‌ڵام دور نی یه كه (قه‌تار) هه‌ر له ووشه‌ی (قه‌تار)ی عه‌ره‌بی یه‌وه هاتبێ، كه به مانای كاروان به كار ئه‌هێنرێ. به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه، ئه‌وه‌یه كه زۆر جار له مه‌قامی قه‌تاردا گۆرانی بێژ ئه‌ڵێ "قه‌تارێ بێنن غه‌مانم باركه‌ن"، یا به‌م مه‌قامه‌وه جۆره هۆنراوێك ئه‌وترێ، كه مانای راسته‌قینه یا مه‌جازی گه‌شت و ڕۆیشتن و كاروانی تیابێت». 9 كاك «به‌همه‌نی حاجی ئه‌مینی» كارناسی مۆسیقا له زانكۆی هونه‌ره جوانه‌كانی زانستگای تاران و دانه‌ری كتێبی (موسیقی كردهای هورامان|مۆسیقای كورده‌كانی هه‌ورامان ــ 1379)، سه‌باره‌ت به ئاوازی قه‌تار نووسیویه و ده‌ڵێ: «قه‌تار ئاوازێكه كه ئاهه‌نگ و نێوه‌رۆكی ده‌قه‌كه‌ی ده‌به‌رگری هه‌ستێكی هه‌ڵقوڵاو له خۆشه‌ویستی و ئاره‌زوومه‌ندی یه. له باری وشه‌وه «قه‌تار» له زمانی كوردیدا به مانای «ڕه‌ده|ڕێچكه» و «كاروانی ئه‌سپ و ئێستر»دێ. پێوه‌ندی وی ده‌گه‌ڵ ئاواز به دروستی ڕوون نییه. عینوانی قه‌تار له مۆسیقای سوننه‌تیی ئێرانیشدا له ئاراداهه‌یه. له ڕه‌دیفسازی ئێرانی به ڕیوایه‌تی نوورعه‌لی برومه‌ند (دورینگ1370) قه‌تار به عینوانی گۆشه‌یه‌ك له ئاوازی به‌یاتی كورد ئاسته‌كراوه. ئه‌و بابه‌ته كه گۆشه‌ی قه‌تار له مۆسیقای سوننه‌تیی ئێران تا چ ڕاده‌یه‌ك ده‌گه‌ڵ قه‌تار له مۆسیقای كوردستان وێچوویی هه‌یه شیاوی شیكردنه‌وه‌یه. قه‌تاریش وه‌ك لاوك و حه‌یران خاوه‌نی میتر(وه‌زن|كێش)ی ئازاده. ئه‌و ئاوازانه خۆئاسایی له میوانداری و مه‌جلیسه‌كاندا ئیجرا ده‌كرێن».14 كاك به‌همه‌ن، له درێژه‌ی باسه‌كه‌یدا به‌م ئاكامه ده‌كا و ده‌ڵێ: «ڕابیته و پێوه‌ندیی مۆسیقای سوننه‌تیی ئێران ده‌گه‌ڵ مۆسیقای كوردستان له پله‌ی یه‌كه‌مدا له نێوان ئاوازی قه‌تار و گۆشه‌ی قه‌تار له ڕه‌دیفی مۆسیقای سوننه‌تیی ئێران‌دا ده‌بیندرێ. عینوانی قه‌تار و تێكه‌ڵاوییه‌كه‌ی به ئاوازی به‌یاتی كورد له ڕه‌دیفدا به ڕیوایه‌تی نوورعه‌لی برومه‌ند، بواری ئه‌وه‌ده‌دا كه بكرێ ڕیشه‌ی گۆشه‌ی "قه‌تار" له ڕه‌دیفی مۆسیقای سوننه‌تیی ئێران ده ناو مۆسیقای كوردستاندا بدۆزرێته‌وه. ئاستی وێچوویی گۆشه‌ی قه‌تار و ئاوازی قه‌تار (نۆتنووسی4) له درێژه‌كێشان و نێوه‌رۆكی ده‌نگه‌كانیشدا ده‌بیندرێ. به‌ڵام درێژه‌كێشانی ده‌نگه یه‌كسانه‌كانیان به مانای تایبه‌تمه‌ندییه مێلۆدییه‌كان نییه».15 به‌هه‌رحاڵ، ئه‌وه‌یكه «قه‌تار» له ڕوانگه‌ی مۆسیقاناسییه‌وه چ پێگه و جێگه‌یه‌كی له ناو ده‌سگا و مه‌قامگه‌لی مۆسیقادا هه‌یه بۆ پسپۆڕ و شاره‌زایانی ئه‌و بواره‌ی هه‌ڵده‌گرین و، سه‌رنجی خوێنه‌ره‌وان بۆ لای وشه‌ی «قه‌تار» وه‌ك زاراوه‌یه‌كی گشتی و پێوه‌ندی ئه‌و زاراوه‌یه ده‌گه‌ڵ ئاوازه‌كانی «محه‌مه‌دی ماملێ» ڕاده‌كێشین. له پاڵه‌وه ئه‌وه‌ش بڵێم كه مه‌به‌ست له ئاواز ته‌واوی ئه‌و ئاهه‌نگ و مێلۆدی یان ئه‌و چڕین و گوتنانه‌ن كه ناكرێ ده چارچێوه‌ی گۆرانی، ستران، سرود، قام، ورده‌قام، به‌سته و سرود دا بیانگونجێنین، ئه‌گه‌رچی له كورده‌واریدا «گۆرانی» به شێوه‌یه‌كی باو و گشتی، بۆ هه‌موو جۆره‌كانی چڕین ده‌كار ده‌كرێ. به واتایه‌كی تر، له ڕوانگه‌ی مۆسیقاییه‌وه جیاوازیی هه‌ر چه‌شنه چڕینێك پێوه‌ندی به ئاهه‌نگ، ڕیتم، مێلۆدی، هه‌نگاو و پله و شه‌پۆلی ده‌نگه‌وه هه‌یه، كه ئه‌گه‌ر له گۆرانیدا به‌تایبه‌ت ڕیتم و ئاڵوگۆڕی ده‌نگ ده‌ورده‌گێڕن؛ له ئاوازدا شێوه‌ی چڕین (قوڕگ و له‌ره و چریكه‌ی ده‌نگ) و هه‌روه‌ها هه‌ڵكشان و وه‌ستان و داكشانێ ده‌نگ یان چوونه‌سه‌ر و له‌نگه‌رگرتن و هاتنه‌وه‌خوار زۆر گرینگن. كه‌وابوو، وه‌ك چۆن بۆنموونه ئاواز(مه‌قام)ی «ئه‌ڵڵاوه‌یسی» له گه‌رمێن، «هۆره» له هه‌ورامان، «لاوك» له بۆتان و بادینان، «حه‌یران» له ده‌شتی هه‌ولێر باوه، وابزانم جێگه‌ی هیچ لۆمه و ڕه‌خنه‌یه‌ك نامێنێته‌وه ئه‌گه‌ر بڵێم له موكریانیش له‌بری ئاوازی فارسی زاراوه‌ی «قه‌تار» ده‌كارهاتووه. گومان له‌وه‌دا نییه كه وشه‌ی «قه‌تار»، واژه‌یه‌كی عه‌ڕه‌بی یه و به مانای «كاروان» یان «ڕه‌یزبه‌ستنی وشتر و ئه‌سپ و ئێستر به دوای یه‌كدا» هاتووه، به‌ڵام ئه‌وه‌یكه چۆن و چ وه‌خت ئه‌و بوواڵه‌ت و نێوه‌رۆكه مۆسیقاییه‌ی به خۆه‌وه‌گرتووه و هاتووه‌ته ناو فه‌رهه‌نگی كورده‌وارییه‌وه ڕوون نییه. ئه‌وه‌ش كه به گوێره‌ی قسه‌ی مامۆستا جه‌میل ڕۆژبه‌یانی ده‌گوترێ وشه‌ی«قه‌تار»، ڕه‌نگه له واژه‌ی«گاتا»وه هاتبێ، جێگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه و ناكرێ له‌وباره‌وه بڕیارێكی به په‌له و یه‌كلاكه‌ره‌وه بدرێ. به پێی ئه‌و گریمانه‌یه‌ش، كه ئاهه‌نگ و مێلۆدیی«قه‌تار» ڕه‌نگه له جۆر و شێوه‌ی ده‌نگ و جووڵه و ڕه‌وتی كاروانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێ، زۆر جێگه‌ی متمانه نییه. چونكه ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین و بۆ نموونه هه‌وا و مێلۆدی «له كانی ئاسكان» یان «لاوه هه‌ی لاوه»ی ماملێ له‌به‌رچاوبگرین و ده‌گه‌ڵ ده‌نگ و ڕه‌وتی كاروان به‌راوردی بكه‌ین، ده‌بینین هیچ چه‌شنه هارمۆنی و هاوئاهه‌نگییه‌كی ئه‌وتۆ نابیندرێ. وه‌ك ئاشكرایه ئه‌و هارمۆنییه‌ی كه له نێوان كاروكرگاری ڕۆژانه(شێوه‌ی جووڵه و ڕۆیشتن و هه‌ڵبه‌زدابه‌ز)ی خه‌ڵك له‌لایه‌ك و، ئاهه‌نگ و گۆرانییه فۆلكلۆرییه‌كان له لایه‌كی تره‌وه هه‌یه ــ بۆ نموونه: «ئه‌رێ هۆی خاڵی ڕێبوار» له كاتی جووتكردن و، «ئامین و ئامین به تۆ ده‌ڵێن كاڵێ..) له كاتی ده‌سكه‌نه و هه‌ره‌وه‌زدا.. به‌رچاوناكه‌وێ. دیاره له‌وانه‌یه، له زۆرگوتنه‌وه‌ی شێعری «قه‌تارێك هاتووه گه‌وهه‌ر بارێتی» یان «قه‌تارێك بێنن خه‌مانم بار كه‌ن» به‌م ئاهه‌نگ و مێلۆدییه‌ی كه هه‌یه‌تی، زاراوه‌ی «قه‌تار» كه‌وتبێته سه‌ر زارانه‌وه، به‌ڵام سه‌لماندنی ئه‌وه كه چڕێنه‌ری ئاواز خۆی ڕه‌شمه یان هه‌وساربه‌ده‌ستی كاروان(قه‌تار) بووبێ، له واقیعیه‌ت به دووره. شیاوی گوتنه كه دیارده‌ی هونه‌ریی مۆسیقای كوردی(چ هونه‌ری ساز و چ هونه‌ری ئاواز) یش وه‌ك هه‌ر دیارده‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌ده‌بی و كولتووری، چونكه به شێوه‌ی زاره‌كی و گه‌نجیینه‌ی نه‌نووسراو بووه و نه‌توانراوه بێته سه‌ر كاغه‌ز و تۆمار بكرێ، به‌شێكی زۆری یان فه‌وتاوه و یان به مڵكی نه‌ته‌وه خاوه‌نده‌وڵه‌ته‌كانی دراوسێ له قه‌ڵه‌م دراوه. بۆنموونه ئه‌گه‌ر سووكه ئاماژه‌یه‌كیش له‌مه‌ڕ مۆسیقای كوردی لێره‌وله‌وێ كرابێ، وه‌ك ئه‌وه‌یكه «فورسه‌تودده‌وله‌ی شیرازی به دوو عینوانی قه‌تاری كورد و قه‌تاری تورك ئاماژه كردووه»16؛ ئه‌وا له سه‌رده‌می په‌هله‌وییه‌كان(به‌تایبه‌ت ڕه‌زاشا ــ 1907-1941)، نێوهێنانی كورد له‌وباره‌یه‌وه هه‌ر به‌جارێك قه‌ده‌غه بووه. له ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش كه عه‌ڕه‌به‌كان و توركه‌كان خاوه‌نده‌سه‌ڵات بوون، وێناچێ وه‌زع له‌وه باشتر بووبێ. هه‌رچۆنییه‌ك بێ، به بۆچوونی خۆم، «قه‌تار» ته‌واو دیارده‌یه‌كی مۆسیقای ئاوازیی شاره‌یی یه. له‌وانه‌یه له زۆر كۆنه‌وه هه‌بووبێ و له سۆنگه‌ی گه‌لێك هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و مه‌زهه‌بییه‌وه فه‌وتابێ، كه‌چی دواتر له سه‌رده‌می گواستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی لادێیی به‌ره‌و سنووری كۆمه‌ڵگه‌ی شاره‌یی سه‌رله‌نوێ بووژابێته‌وه. به واتایه‌كی تر، ده‌توانم بڵێم كه نوێبوونه‌وه و شكڵگرتنه‌وه‌ی «قه‌تار» كه ڕه‌نگده‌ره‌وه‌ی نیازی كۆمه‌ڵایه‌تی و زه‌وقی هونه‌ری و خۆشه‌ویستی ئینسانی و عیرفانیی سه‌رده‌مێكی دیاریكراوه، پێوه‌ندییه‌كی ته‌واوی به چین و توێژی مامناونجی یان ورده‌بۆرژوازی تازه سه‌رهه‌ڵداوی شاره‌وه هه‌بووه. ئه‌گه‌ر گۆرانییه فۆلكلۆرییه‌كان به‌رهه‌می كار و چالاكی خه‌ڵكێكی مه‌ڕدار و كۆچه‌ر و وه‌رزێر بوون، كه زۆرجار ناچاركراون شوێنی ژیانیان بگۆڕن؛ ئه‌وا «قه‌تار» به‌رهه‌می زه‌وق و ئه‌وینی خه‌ڵكێكی كاسبكار و كاربه‌ده‌ست و سه‌نعه‌تكاره كه له شوێنێكی ناوه‌ندیكراو به نێو‌ی شار دامه‌زراون. وابزانم له خۆڕانییه، كه هونه‌رمه‌ندی گه‌وره «حه‌سه‌ن زیره‌ك» وێڕای ته‌واوی ئه‌و خیبڕه‌یی و شاره‌زاییه‌ی كه له هونه‌ری ئاواز و گۆرانیی كوردیدا هه‌یبووه و، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا هاوته‌مه‌ن و هاوچاخی «ماملێ» بووه، ئاوازی «قه‌تار»ی نه‌چڕیوه. ڕاسته كه «زیره‌ك» به پێی ئه‌و ده‌رفه‌ته هونه‌ره‌ییه‌ی كه له ئیزگه‌كانی ڕادیۆی به‌شی كوردیی به‌غدا و تاران و كرماشان.. بۆی هه‌ڵكه‌وت و، توانی چوارچێوه‌ی هونه‌ری فۆلكلۆریی به‌ره‌و سنووری هونه‌ری شاره‌یی كه له ئاوازگه‌لی وه‌ك«كرماشان شاری شیرینم»، «له‌و سه‌ره ده‌نگی سازدێ» و.. ده‌بندرێن تێپه‌ڕێنی؛ به‌ڵام ئه‌گه‌ر له دیارده‌ی قوڕگ و له‌رینه‌وه و شه‌پۆلی ده‌نگ كه ماملێ به تێكڕایی«ڕاستكۆك» بووه و زیره‌ك «چه‌پكۆك»، چاوبپۆشین؛ ناتوانین ته‌ئسیری دوو ماكه‌ی گوندنشینی و شارنشینی وه‌ك پێگه‌ی نه‌شونما و پێگه‌یشتنی هونه‌ریی بخه‌ینه‌لاوه، كه یه‌كه‌میان كانگه‌ی ئاهه‌نگه فۆلكلۆرییه‌كان بووه و دووهه‌میان سه‌رچاوه‌ی ئاوازه شاره‌ییه‌كان. كه‌وابوو تا ئه‌و كاته‌ی زانیارییه‌كی سه‌لماو و پشت پێ به‌ستراو نه‌یه‌ته ئاراوه، ئه‌من هه‌روا له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه ده‌مێنم كه «قه‌تار» پێوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆی به هونه‌ری خه‌ڵكی ئاقارگرتووی شار و به‌تایبه‌ت بنه‌ماڵه‌ی «ماملێ»وه هه‌بووه، كه له مام سه‌عید و میرزا حوسێنه‌وه ده‌ستی پێكردووه و له سه‌ر ده‌ستی «محه‌مه‌دی ماملێ» به لووتكه گه‌یشتووه. هه‌ڵبه‌ت هیچ به دووریشی نازانم كه سه‌ردانی هونه‌رمه‌ندی مه‌زن «سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی» بۆ ناوچه‌ی موكریان، له‌وانه‌یه بێ ته‌ئسیر نه‌بووبێ.17 لێكدانه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كان به‌رهه‌مه‌كانی «ماملێ» له سێ به‌شی سه‌ره‌كی پێكهاتون:1- به‌یت(گوڵێ، شیرن به‌هاره و..)، 2-گۆرانی(قام، به‌سته) و، 3- قه‌تار. 1- ده پێوه‌ندی ده‌گه‌ڵ ئه‌و به‌شه‌دا، ته‌نیا ئه‌وه‌نده ده‌گوترێ كه «ماملێ» هه‌رچه‌ند به شێوه‌یه‌كی زۆر جوان له چڕین و گوتنه‌وه‌ی ئه‌و شێوه‌یه‌دا سه‌ركه‌وتوو بووه، به‌ڵام له‌و بواره‌دا زۆر به‌رهه‌می ئاسته(تۆمار)كراوی له پاش به جێ نه‌ماوه. 2- سه‌رجه‌می گۆرانییه‌كانی «ماملێ»، ده‌كرێ به شێوه‌ی خواره‌وه دابه‌شكرێن: ئا) گۆرانییه فۆلكلۆرییه‌كان: ئه‌و گۆرانییانه ته‌واو به مڵك و گه‌نجینه‌ی هونه‌ری كورده‌واری داده‌ندرێن كه «ماملێ» زۆربه‌یانی به شێوازی خۆی گوتووه‌ته‌وه. شیاوی سه‌رنجه كه به‌شێكی زۆر له‌و ئاهه‌نگانه له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌شه‌وه گوتراونه‌وه، بۆنموونه: گۆرانیی«مرێم سابڵاغی ــ ماملێ» و «مرێم بۆكانی ــ زیره‌ك»؛ یان گۆرانی «به‌رهه‌ڵبێنه..» كه بێژگه له ماملێ و زیره‌ك، له‌لایه‌ن «خه‌لیلی سه‌ددیقی» و «مه‌زهه‌ری خاله‌قی»یشه‌وه گوتراونه‌ته‌وه. بێ) گۆرانییه هاوبه‌شه‌كان: ئه‌وانه ئه‌م جۆره گۆرانییانه‌ن كه هه‌وا و ڕیتم و مێلۆدییه‌كه‌یان له ناو گه‌لانی دراوسێی وه‌ك: فارس، ئازه‌ری و تورك، هه‌رمه‌نی و عه‌ڕه‌ب و.. هاوبه‌شه و، به دروستی نازاندرێ كێ له كێی وه‌رگرتووه. دیاره بۆ ئه‌و به‌شه‌ش ده‌بێ بگوترێ كه گه‌لانی دراوسێی وه‌ك فارس و ئازه‌ری و تورك و عه‌ڕه‌ب، یان ئازه‌رییه‌كانی كۆماری ئازه‌ربایجان كه خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت و ده‌سگای ڕه‌سمی(ڕادیۆ و ته‌له‌ڤیزیۆن) بوون، زووتر له ئێمه توانیویانه به‌شێكی زۆر له‌و گۆرانییانه به نێو‌ی خۆیان ئاسته و تۆمار بكه‌ن. پێ) گۆرانییه خوازراوه‌كان: ئه‌م گۆرانییانه به‌شێكن كه له گه‌لانی دراوسێی فارس و ئازه‌ری و ئیدیكه وه‌رگیراون، بۆ نموونه: گۆرانی «ڕه‌عنا» (فارسی) و «ئازه‌ربایجان مه‌ڕاڵی»(ئازه‌ری). ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه كه «ماملێ» به‌رگێكی وه‌ها جوان و كوردانه‌ی به به‌ژنی ئه‌و گۆرانییانه بڕیوه كه ناسینه‌وه و هه‌ڵاواردنیان له ماكه ئه‌سڵییه‌كه كارێكی دژواره. تێ) گۆرانییه داهێنراوه‌كان: له سه‌رجه‌می ئه‌و گۆرانییانه‌ی كه ده كتێبی (یادی به‌خێر)18دا تۆمار كراون و نیزكه‌ی 300تا 320 گۆرانی (بێژگه له قه‌تاره‌كان) ده‌گرنه‌خۆ، به‌شێكی هه‌ره زۆریان گۆرانی داهێندراو و داندراون، كه له مانه‌ش پشكێكی زۆروزه‌وه‌ند وه‌به‌ر خودی «ماملێ» ده‌كه‌وێ و پشكێكی به‌رچاویش كه‌سانی وه‌ك خوالێخوشبووان: «سێمانی شاوه‌له»، «حاجی هاشمی نانه‌وازاده»، «فه‌تاحی سیڵوێ ــ ئه‌میر عه‌شایری» و «خه‌لیلی سه‌ددیقی»ده‌گرێته‌وه كه به شێعر و ئاهه‌نگ و به‌سته یارمه‌تیان داوه. 3- قه‌تار، له هیچكه‌س شاراوه نییه، كه له ته‌واوی ناوچه‌كانی كوردستان و به‌تایبه‌ت له موكریان‌دا، ئه‌گه‌ر گریمان ته‌ریقه‌ته مه‌زهه‌بییه‌كان(قادری، نه‌خشبه‌ندی، ئه‌هلی هه‌ق|كاكه‌یی..)19 چ قازانج و نه‌خشێكی ئه‌وتۆشیان له به‌ره‌وپێشبردنی كۆمه‌ڵگای كورده‌واریدا نه‌بووبێ، لانیكه‌م ئه‌و نه‌خشه‌یان به باشی گێڕاوه كه له سه‌رده‌مێكی دیاریكراوی مێژوویی‌دا توانیویانه ڕابردووی هونه‌ری و ئاوازی كوردیی له تاڵان و نه‌مان و فه‌وتان ڕزگار بكه‌ن و، ته‌نانه‌ت په‌ه‌شی ێبده‌ن. یه‌كێك له‌و مه‌كۆ گرینگانه كه ده‌توانرێ وه‌ك كانگای ئاوازه عیرفانییه‌كان یادی لێ بكرێ، خانه‌قای شه‌مزینانی مه‌هاباد بووه كه هه‌م «وه‌فایی» شاعیری به‌نێوبانگ و هه‌م بنه‌ماڵه‌ی ماملێ(مام سه‌عید) ــ وه‌ك دوو مرید و هاوكاری هونه‌ریی، سه‌ر به‌م خانه‌قایه بوون. هه‌روه‌ك ده‌زانین، زۆربه‌ی ئه‌و ئاهه‌نگانه‌ی كه له لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی ماملێ و به‌تایبه‌ت «محه‌مه‌دی ماملێ»وه به شێوه‌ی قه‌تار گوتراونه‌وه، پێشتر یان له‌و خانه‌قایه‌دا به شێوه‌ی غزه‌لخوێنی وێڕای ئامێری ده‌فه خوێندراون و، یان له مه‌جلیس و باره‌گای گه‌وره‌پیاوانی شار به كه‌مانچه و ته‌پڵ و تار ئیجراكراون. بۆ نموونه‌ی یه‌كه‌م، له شێعره‌كانی وه‌فایی وه‌ك: «گا ده‌سووتێم، گاده‌گریێم» و «مه‌مكوژه تۆ گردنی خۆت» كه‌ڵك وه‌رگیراوه و، بۆ نموونه‌ی دووهه‌میش ده‌كرێ به ئاوازه داهێنراوه‌كانی بنه‌ماڵه‌ی «ماملێ» وه‌ك: «له كانی ئاسكان» و «لاوه هه‌ی لاوه».. ئاماژه‌بكرێ. به كورتی، «قه‌تار» به كۆمه‌ڵێك ئاهه‌نگی ڕه‌سه‌ن و مێلۆدی ده‌گمه‌ن ده‌گوترێ كه به پێی نیازی كۆمه‌ڵایه‌تی و زه‌وقی فه‌رهه‌نگی و ئه‌وینی عیرفانی، له ناخی كورده‌وارییه‌وه هه‌ڵقوڵاون و، وه‌ك گه‌نجینه‌یه‌كی پڕبایه‌خ به یادگار ماونه‌ته‌وه. لێره‌دا پێویسته له‌مه‌ڕ چڕینی ئاواز(قه‌تار)ه‌وه، چه‌ند تایبه‌تمه‌ندیی پێوه‌ندیدار ده‌ستنیشان بكرێ كه ده شێوازی هونه‌ریی «ماملێ»دا به‌وپه‌ڕی شاره‌زایی و لێهاتوویی له‌به‌رچاوگیراون. ئه‌گه‌ر له ده‌نگی خۆش و به سۆز كه هونه‌رێكی زاتیی و زگماكی یه چاوبپۆشین، ده‌بێ ئاماژه به «شێوه‌ی چڕین» یان «چریكه‌ی ده‌نگ» بكرێ كه له ناو فارسه‌كاندا به «ته‌حریر» ته‌عبیركراوه. گرینگ ئه‌وه‌یه كه له كاتی چڕین و چریكاندندا ئه‌شێ گونجاوییه‌كی ڕێك‌وپێك له نێوان مه‌ودای هه‌ڵكشان و وه‌ستان و داكشانی ده‌نگ له‌لایه‌ك و، له‌رینه‌وه‌ی تاره‌كانی گه‌روو(قوڕگ) له‌لایه‌كی تره‌وه به‌دیبێ، كه وشه‌كان یان ده‌قی ئاوازه‌كان وه‌ك گوڵی پشكووتوو گوێی بیسه‌ر بلاوێننه‌وه. هه‌ڵكشان یان چوونه‌سه‌ری ده‌نگ كه فارسه‌كان(ئه‌وج)ی پێده‌ڵێن ئه‌و كاته‌یه كه ئاوازبێژ وه‌ك چریكه‌ی بولبول تێی ده‌چرێكێنێ و ده‌نگ هه‌ڵدێنێ؛ وه‌ستان(ئیست) كاتێكه كه ئاوازبێژ له مه‌ودای نێوان هه‌نگاوی ده‌نگه‌كاندا له‌نگه‌ر ده‌گرێ، واته له نێوان گه‌ڕوو و مه‌ڵاشوو و زماندا سووكه وچانێك له شێوه‌ی ده‌ربڕینی ده‌نگ پێكدێنێ؛ داكشانی ده‌نگ یان هاتنه‌وه‌خوار كه فارسه‌كان به (فرود)یان ته‌عبیركردووه، ئه‌و كاته‌یه كه ئاوازبێژ به شێوه‌یه‌كی گونجاو و ئارام ئاخرین وشه یان پاشده‌نگی چریكه‌ی ئاوازه‌كه‌ی ده گه‌روویدا وه‌ها قه‌تیس بكاته‌وه كه هیچ چه‌شنه نیخه و مینگه و پڵته‌یه‌ك هه‌ست پێنه‌كرێ. ده پێوه‌ندی ده‌گه‌ڵ ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه شازانه‌ی سه‌ره‌وه، هیوادارم مۆسیقازان و مۆسیقاناسه خۆماڵییه‌كان له داهاتوویه‌كی نزیكدا بتوانن ته‌واوی قه‌تاره‌كانی «ماملێ» وێڕای نۆتنووسی شیبكه‌نه‌وه و بایه‌خی شیاوی خۆی پێبده‌ن. به كورتی، ئه‌وانه‌ی «ماملێ»یان له كاتی چڕینی قه‌تاردا له نزیكه‌وه نه‌دیتبێ، ڕه‌نگه هه‌ستپێكردنی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی سه‌ره‌وه‌یان به لاوه گران بێ، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بزانین كه «ماملێ» چه‌نده مامۆستا و شاره‌زا بووه، با بێین ته‌نیا گوێ «له كانی ئاسكان» ڕابگرین و یادیشی له دڵدا زیندوو. • • • په‌راوێزه‌كان: 5- هه‌نبانه بۆرینه، فرهنگ كردی ــ فارسی، هه‌ژار، یك جلدی. 6- جزمی سێهه‌م له فه‌رهه‌نگی خاڵ، نوسراوی شێخ محمدی خاڵ، ل 64. 7- فه‌رهه‌نگی فارسی، دكتر محمد معین، جلد2. 8- كاروانی هونه‌ری ماملێ..، نووسین و ئاماده‌كردنی: سمایلی ماملێ، به‌رگی یه‌كه‌م، ل 62. 9- سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 63 و 64. 10- سه‌یید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی، محه‌مه‌د حه‌مه باقی، چاپی یه‌كه‌م: 1998، ل90. 11- سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 88. هه‌وه‌ها، له لاپه‌ڕه‌ی105 یش، ئه‌و ڕسته‌یه دووپاتكراوه‌ته‌وه. 12- مطالعات کردی، جلد1، شماره4، سال سوم، تابستان1365، ڵ 42. (بۆ كوردییه‌كه‌ی بڕوانه: ماڵپه‌ڕی گزینگ، هه‌وار ــ چێژگ، مۆسیقای كوردیی و فه‌رهه‌نگی كورده‌كان). 13- یادی به‌خێر، هیوا قاره‌مانی، نه‌شری ره‌هره‌وی مه‌هاباد، ل160. 14- فڵلنامه موسیقی ماهور، سال پنجم، شماره‌ی 17، پاییز 1381، ڵ 60. 15- سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 65. 16- سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل76، په‌راوێزی ژماره14. 17- سه‌یید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی، محه‌مه‌د حه‌مه‌باقی، چاپی یه‌كه‌م 1988، ل122و123. 18- یادی به‌خێر، هیوا قاره‌مانی، نه‌شری ره‌هره‌وی مه‌هاباد، ل173. 19- بۆنموونه ئه‌گه‌ر (خانه‌قای شێخی بورهان) و (خانه‌قای سه‌یدی زه‌مبیل) كانگه‌ی بووژانه‌وه و په‌ره‌پێدانی شێعر و شاعیری بوون، (ته‌كیه‌ی قادرییه‌كان) و (خانه‌قای شه‌مزینان) و (جه‌مخانه‌ی ئه‌هلی هه‌قه‌كان).. به ده‌كارهێنانی ئامێری ده‌فه و ته‌نبوور، ئه‌و نه‌خشه‌یان ده چوارچێوه‌ی ئیجراكردنی ئاوازی عیرفانی و مۆسیقای كورده‌واریدا گیڕاوه. شیاوی گوتنه كه هه‌موو لقه‌كانی سه‌ر به ته‌ریقه‌ته نه‌خشبه‌ندییه‌كان وه‌ك: خاجه‌گان(شێخی بورهان) و.. له خه‌تم و ڕێوڕه‌سمی خۆیاندا ئامێری مۆسیقا ده‌كارناهێنن، كه‌چی له ته‌واوی خانه‌قاكانی سه‌ر به بنه‌ماڵه‌ی نه‌هرێ(شه‌مزینی) و هه‌روه‌ها ته‌كیه‌ی قادرییه‌كان ده‌كارهێنانی ئامێری ده‌فه له یه‌كه‌میاندا بۆ خه‌تم و غه‌زلخوێنی و، له دووهه‌میاندا بۆ زیكر و زه‌رگوه‌شاندن پێڕه‌وده‌كرێ. |